نێد پرایس بە ڕەخنەگرتن لە ئێران وتی: ئێمە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەنمان درێژ نەکردوەتەوە و لەهەمبەر گۆڕینەوەی بەندکراوانیش لەگەل ئێران تا ئیستا نەگەیشتووین بە هیچ ڕێککەتنێک.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وڵامی قسەکانی عەباس عێراقچی نوێنەری ئێران لە وتووێژەناوکییەکانی ڤییەن کە ئەمریکا وبریتانیای بەوە تۆمەتبار کردبوو کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسیی خۆیان پێشیان لە گۆڕینەوەی زیندانیان گرتووە و هەروەها ئیزنیان نەداوە بگەین بە ڕێککەوتنی ناوکیی وتی: لێدوانەکانی عەباس عێراقچی دوورن لە ڕاستی و دەیهەوێت بەمجۆرە کەمکارییەکانی خۆیان لە وتووێژە ناوکییەکان بخەنە ئەستۆی ئێمە.
پرایس لە دڕێژەدا وتی: هەرکات ئێران ئامادە بوو کە بگەرێتەوە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنی ناوکیی ئەو ئێمەش ئامادەین کە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بگەین بە ڕێکەوتن.
جێگای ئاماژەیە کە تا ئێستا ٦ دەور لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بەڕێوە چووە کە هیچ ئاکامێکی دڵخوازی نەبووە و پاش هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ئێران، وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن هەڵپەسێردراوە بۆ کاتێکی نادیار.