کارناسێکی ڕێکخراوی بێهزیستی ئێران، سەرەڕای ئاماژە بە هاتنە خوارەوی تەمەنی بەکارهێنەرانی ماددە سڕکەرەکان لە ئێران وتی: ئێستا کەمتر لە ٧ خولەکدا مێرمنداڵانیش دەستیان بە ماددەی سڕکەر ڕادەگا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ” هەمشەهری” فەرید بەراتی سەدە، کارناسی دەرمانیی ڕێکخراوی بێهزیستی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیە و لەهەمبەر دەسپێڕاگەیشتنی خێرای گەنجەکان بە ماددە سڕکەرەکان وتی: سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنی بەکارهینەرانی ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا زۆر دابەزیوە و زۆر بە خێرایی و ئاسانیی دەستیان بە ماددەی سڕکەر ڕادەگا ڕایگەیاند کە لە ئێستادا لە ڕێگەی تۆڕوکۆمەڵایەتییەکانەوە ماددەی سڕکەر دەکڕن و لە ماوەی کەمتر لە ٧ خولەکدا دەیهێننە بەر درگای بەکارهێنەران.
بەراتی بە ڕەخنەگرتنی توند لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ئێران وتی: ساڵیانێک ڕێکخراوی بێهزیستی لەگەڵ ئەو وەزارەتەدا پێوەندیی و هاوکاریمان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا هەموو دەرگایەکیان لێ داخستووین دەڵێن ئێمە بۆ خۆمان کێشەی ماددەسڕکەرەکان لە نێو قوتابخانەکاندا چارەسەر دەکەین.
جێگای ئاماژەیە کە بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەسڕکەرەکان لە ئێراندا تەمەنی بەکارهێنەرانی ماددەسڕکەرەکان دابەزیوە بۆ ژێر تەمەنی ١٢ بۆ ١٣ ساڵ و کە ئەمەیان بەڕاستی کارەساتە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەم پێوەندییەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.