خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان بوسێهەمین ڕۆژی بەردەوام لە هەمبەر قەیران و کەمیی ئاو ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان بەڕێوەبرد.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەتەوە خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان شەوی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بۆ سێهەمین ڕۆژی بەردەوام لە ١٧ شاری ئەو پارێزگایە لەهەمبەر قەیران و کەمیی ئاوی خواردنەوە ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە بردووە.
خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان لە شارەکانی ئەهواز، سووسەنگرد، کووت عەبدوڵا ، شادگان، هوەیزە و ئەبوو حەمیزە و شووش بۆ سیهەمین ڕۆژی بەردەوام ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوەبردوە کە هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم بە گولـلە وگازی فرمێسکڕێژ ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازیی ئەو پارێزگایە بوونەتەوە.
خەڵکی ناڕازیی جاددەی سەرەکیی نێوان شارەکانی ئەهواز بۆ شووش و کووت عەبدوڵا بۆ ئەهوازیان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین داخستووە و جاددەی سەرەکیی نێوان ئەهواز و تاران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە و ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە ١٧ شاری پارێزگای خووزستانی وەکوو شارەکانی ئەهواز، ئابادان، حەمیدیە، بۆستان، سووسەنگرد، بەندەر ماهشەهر، خوڕەمشار، شادگان، کووت عەبدوڵا،شووش، مەلاسانی، هوەیزە و ئەبوو حەمیزە، شادگان و شاووری گرتووەتەبەر.
لە ئاکامی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا تا ئێستا سێ کەس لە خەڵکی مەدەنیی شاری شادگان و کووت عەبدوڵا گیانیان لە دەستداوە و کۆمەڵێک خەڵکیش بریندارن.