ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل بوودجەی سەربازییەکەی بەپێی گەڵاڵەی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دیاری دەکا.
ڕۆژنامەی” یێدیعووت ئەخرونووت” ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن”ڕۆن بێن یەشای” کارناسی ئاسایش و سەربازیی ئیسرائیل ئامادەکراوە وردەکارییەکانی گەڵاڵەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەناوکییەکانی ئێرانی خستەڕوو و تی: نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە وەزارەتی ئیتلاعات و ئەرتەشی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە بۆ هێرش کردنەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران گەڵاڵە و پڕۆژەکانی خۆتان بۆ دابینکردنی بووجەی سەربازیی ئامادە بکەن.
لە ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە لە دانیشتنێکی نێوان نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیران، بێنی گانتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و ئۆیگدۆر لیبێرمان، وەزیری دارایی ئیسرائیل، بووجەی گەڵالەی هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئیران دیاریکراوە و بۆ ئەم مەبەستە ١.٧ میلیارد دۆلار تەرخان کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتر داوای لە سەرۆک وەزیران کردبوو کە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەبێ بووجەی سەربازیی تایبەت دیاری بکرێ.