مامۆستا مەلا غەفوور ئیبراهیمی، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲٦ی پووشپەڕی ۱٤۰۰ی هەتاوی، مامۆستا مەلا غەفوور ئیبراهیمی، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تەمەنی ۸٤ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا مەلا غەفوور ساڵی ۱۳۱٦ی هەتاوی لە ئاوایی “داش تەمر” سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە و هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە بە هۆکاری چالاکیی سیاسی و حیزبایەتی پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێت و چەكی پێشمەرگایەتی دەكاتە شان و خزمەتی بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد دەکات.
کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران سەر دەکەوێت، مامۆستا لەگەڵ هاوبیران و هاوسەنگەرانی بۆ جارێکی دیکەش بەشداریی لە خەباتی پێشمەرگانەدا دەکا و لە سەر پێشنیاری کۆمیتە شارستانی مەهاباد و ڕەزامەندیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بە فەرماندەی هێزی بەرگریی شارستانی مهاباد دیاری دەکرێت و تا ساڵی ۱۳٦۲ لەو پۆستەدا مایەوە.
ساڵی ۱۳٦٤ بەهۆی بەساڵاچوون و گرفتی تەشکیلاتی و بنەماڵەیی، لەسەر ڕەزامەندیی کۆمیتە شارستانی مەهاباد گەڕایەوە نێوخۆی وڵات.
هەستی کوردانەی مامۆستا مەلا غەفوور جارێکی دیکەش خۆی و بنەماڵەکەی لە ساڵی ۱۳۸۳ی هەتاویدا پەڕیوەی باشووری کوردستان كردەوە و وەکوو ئەندامی حیزب هەروا درێژەی بە خەبات دا و وێڕای بنەماڵەکەی لە خزمەت سیاسەتەکانی حیزبدا بوو و لە زۆربەی کۆر و کۆبوونەوەکانی حیزبدا چالاکانە بەشداری دەکرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هەموو هاوڕێیانی مامۆستا مەلا غەفوور لە حیزبی دێموکراتدا دەکەین و خۆمان به شەریکی خەمیان دەزانین.