دەفتەری پشتیوانیی لە یاسای بنەڕەتیی هامبۆرگ لە راپۆرتێکدا” ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ” کە بە پشتیوانیی ئاخوندە شیعەکان دامەزراوە بە ناوەندی گرینگی عەمەلیاتی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا ناودەبا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئاڵمانی” ئار.تی.ئێڵ” مارکۆ هاس، وتەبێژی دەفتەری پشتیوانیی لە یاسای بنەڕەتیی هامبۆرگ، رۆژی هەینی ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕایگەیاند کە بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لە بەردەستی ئێمەدایە”محەممەد هادی موفەتێح” بەرپرسی ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ، بڕیارەکانی ڕێژیمی ئێران لەو ناوەندە جێبەجێ دەکا و ئەو ناوەندە جێگای متمانە و باوەڕ نییە.
هاس لە دڕێژەدا وتی: ئەو بەڵگەگەلەی کە ئێستا لە بەردەستی ئێمەدایە، باس لەوە دەکەن کە موفەتێح پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ خامنەیی هەیە و لەو نامەگەلەدا کە ئێستا لەلای ئێمەیە خامنەیی بە موفەتێح دەڵێ: کە تۆ نوێنەری ئێمەی لە ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ و دەبێ هەموو بڕیارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ بکەی.
بەپێی ڕاپۆرتی ” ئار.تی ئێڵ” ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ، جیاواز لەوەی کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ رێژیمی ئێراندا هەیە، پێوەندیشی لەگەڵ گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵای لوبنانیش هەیە.
هەرلەم پێوەندییەدا دێنیس گلادیاتوور، کارناسی نێوخۆیی گرووپی ئاڵمانی” سیدییو” بە” ئاڕ.تی. ئێڵ”ی وتووە کە وڵاتێکی دێموکراتیک و شارێکی ئازاد نابێ ئیزن بدا کە ئەمجۆرە ناوەندگەلە کە دژی یاسای بنەڕەتی وڵاتی ئاڵمانن چالاکیی بکەن.
ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ، ناوەندێکی تێرۆریستییە و زۆربەی پیلان وبەرنامەکانی تێرۆر لە وڵاتانی ئورووپایی لەم ناوەندە بەرنامەڕێژی بۆ دەکرێ و دەبێ بە زووترین کات ئەو ناوەندە دابخرێ.