سێ هاووڵاتیی بەلووچ لە شارەکانی بەمپوور و گوڵشەن، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە هێرشیان کرایەسەر و کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی بەلووچ بەناوی” نەبی سپاهی” خەڵکی شاری گوڵشەن لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە هێرشی دەکرێتەسەر و بەتەقەی ڕاستەوخۆ دەیکووژن و تائێستا لە هۆکاری کوشتنی ئەو هاووڵاتییە بەلووچە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو چەند چەکدارێکی نەناسراو لە شاری بەمپوور هێرش دەکەنەسەر دوو هاوڵاتیی بەلووچ بە ناوەکانی” ئیدریس فەرامەرزیان و یوونس فەرامەرزیان” لە بەردەم ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری بەمپوور و بەتەقەی ڕاستەوخۆ ئەو دوو هاووڵاتییە بریندار دەکەن و پاش گواستنەوەیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەهۆی قورسی برینەکانیانە گیانیان لە دەستدەدەن.
بارودۆخی خراپ و ئاڵۆزی ئەمنییەتیی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە جۆرێکە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٦٢کەس لە هاووڵاتییانی بەلووچ لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژراون و هەروەها ١٣ هاوڵاتیی بەلووچی دیکەش بەم هویەوە برینداربوون.
چالاکانی مەدەنیی بەلووچ هۆکاری کوشتن و هێرشی چەکداریی بۆ سەر خەڵکی ئاسایی بەلووچ، دەگێرنەوە بۆ ئەوی کە سپای پاسدارانی ڕێژیم بەبڵاوکردنەوە چەکوچۆڵ و چەکدارکردنی تیرە و عەشیرەکانی بەلووچ، هەوڵی دووبەرکیی سازکردن و ئاژاوە لە نێو خەڵکی بەلووچ دەدا و سپای پاسداران هۆکاری سەرەکیی ئەو نائەمنییەیە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا.