١٧ سێناتۆری کۆماریخواز، بە ئامادەکردنی گەڵاڵەیەک داوایان لە مەجلیسی سێنای ئەمریکا کردووە کە گەمارۆکانی سەر عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا درێژتر و قورستر بکرێتەوە.
سێناتۆرە کۆماریخوازەکان لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ماڵپەڕی فەرمیی سێناتۆر تێد کرووز، بڵاوکرایەوە دەڵێن کە دەوڵەتی بایدێن نابێ گەمارۆکانی سەر عەلی خامنەیی کە بەزۆر دەستی بەسەر داراییەکانی خەڵکی ئێراندا گرتووە و بە بڕیاری ڕاستەوخۆی ناوبراو خەڵکی لە ئێراندا سەرکوت و ئەشکەنجە دەکرێ لاببا و هەروەها گەمارۆکانی سەر ئیبراهیم ڕەئیسی کە بەرپرسە لە کوشتن و لە سێدارەدانی هەزاران ئێرانی بێ گوناح و پێشێلکاری سەرەکیی مافی مرۆڤە لە ئێران لابچێ.
هەروەها جان باراسۆ یەکێکی دیکە لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکان بەئاماژە بە وەیکە عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕابردوویەکی پڕ لە مەترسی و پێشێلکارییان لەهەمبەر مافی مرۆڤ لە ئێران هەیە و هەزاران کەس لە ئێراندا بە بڕیاری ئەو دووکەسە لە سێدارە دراون وتی: دەبێ ئەمریکا زۆر بە جیددی ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە مەترسیدارە بێتەوە و قورسترین سزاکان و گەمارۆکان بە سەر ئەو دوو کەسە کە گەورەترین پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە جیهاندان بسەپێنێ.