سەرۆککۆماری سەپێندراوی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوەبەران و بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران کردووە و تێیدا بە ڕواڵەت جەختی کردوە لە سەر دۆزینەوە و ناسینی گەندەڵکاران و کەلێنەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی سەر بە ڕێژیم.
بەپێی چەند هەواڵدەرییەکی سەر به ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ۲۱ی پووشپەڕ، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری سەپێندراوی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوەبەران و بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران کردووە و تێیدا بە ڕواڵەت جەختی کردوەتە سەر دۆزینەوە و ناسینی گەندەڵکاران و کەلێنەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی سەر بە ڕێژیم.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی گەندەڵیی ئابووری و گومركی و بانکی و قاچاخی سیستماتیک کراوە.
ئەوە لە حاڵێكدایە كە ڕەئیسی، خۆی پێشتر سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕێژیم بووە و ئەوکات بە فەرمی دەسەڵاتی زۆرتر بووە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو گەندەڵییانەی وا باسی لێدەكات و تەنانەت لە ناو دامودەزگای قەزایی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە زۆری ئەو گەندەڵییانە بوونی بووە و بە گشتی چاوپۆشی لێكراوە و ئەم ڕەوتە بە ماوەی تەمەنی كۆماری ئیسلامی درێژەی بووە.
شایانی باسە ئەوە یەکەم دانیشتنی فەرمیی ڕەئیسیە پێش وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆککۆماریی كە دیارە هەر لە ئێستاوە ئاكامەکەی ترساندن و گوێ ڕایەڵکردنی زیاتری میدیا و بڵاوكراوەكانی ئێرانە.