دایە ئامینە، دایکی شەهید عەباس ئەکرەمی لە شاری تیکابی ناوچەی هەوشار بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە ئامینە، دایکی شەهید عەباس ئەکرەمی لە شاری تیکابی ناوچەی هەوشار بەهۆی نەخۆشیی و چوونەسەرەوەی تەمەن ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە ئامینە لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر ودێموکراتدۆست ژیاوە و بەهۆی خۆشەویستیی بۆگەڵ و نیشتمانەکەی جگەرگۆشەیەکی بەناوی شەهید” عەباس ئەکرەمی” پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.
شەهید عەباس، پێشمەرگەیەکی ئازا و چاونەترسی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی هەوشار بووە کە بەهۆی لێهاتووی و زیرەکییەوە پلەکانی حیزبی زۆر بەخێرایی بڕیوە و گەیشتوەتە پلەی جێگرهێزی هێزی شەهیدانی هەوشار، بەداخەوە شەهید عەباس لە شەڕێکی داسەپاو و نابەرانبەردا لەگەڵ رێژیمی کۆنەپەرەستی ئێران لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی، شەهید دەبێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی دایە ئامینە سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.