ئەرتەشی ئیسرائیل دەڵێ: گرووپی حیزبوڵای لوبنانی سەر بەڕێژیمی ئێران، خەڵکی مەدەنیی لوبنان دەکا بە قەڵغانی مرۆیی و کۆگای چەک وتەقەمەنییەکانیان دەبەنە نزیک قوتابخانەکان.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا حیزبوڵای لوبنانی بە دوژمنی هاوبەشی ئیسرائیل و خەڵکی لوبنان ناوبرد و وتی: حیزبوڵای لوبنان بە بڕیاری ڕێژیمی ئێران چالاکیی تێرۆریستیی دەکا و داهاتووی لوبنان دەخاتە مەترسییەوە هەربۆیە ئیسرائیل بەهەموو هێز و توانایەوە ڕووبەڕووی ئەو گرووپە تێرۆریستییە دەبێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: ئیسرائیل ئیزن بە هیچ گرووپ و وڵاتێک نادا کە ئاسایش و سەروەریی خاکی ئیسرائیل بخاتە مەترسیەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئۆخای ئەدرەعی، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە میلیشیا تێرۆریستەکانی حیزبوڵای لوبنان خەڵکی مەدەنیی لوبنان دەکەن بە قەڵغانی مرۆیی و کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانین گواستوەتەوە بۆ نزیک قوتابخانەکان.
ناوبراو لە دڕێژەی بەیاننامەکەدا دەڵێ: ئەو کۆگای چەک وتەقەمەنییەی میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان یەکێک لەو هەزاران ئامانجانەن کە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە دیاریکراوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرشی بکرێتەسەر.