کازم دارابی، ئەندامی پێشووی وەزارتی ئیتلاعاتی ئێران کە لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، دوکتور سەعید شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی لە ڕێستورانی میکۆنووس تێرۆر کرد، داوای تێرۆری دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی” میمری” کازم دارابی، ئەندامی وزارتی ئیتلاعاتی پێشووی ئێران و یەکێک لە گەورە تێرۆریستەکانی ئێران کە دەستی بە خوێنی ڕێبەرانی سەرکردەی حیزبی دێموکرات سوورە و یەکێک لە بکوژانی دوکتور سەعید شەرەفکەندی، سکرتێری حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی لە سەر میزی وتووێژ لە ڕێستورانی میکۆنووسی ئاڵمانە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ٥ی ئێران وتی: قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودس بە بڕیاری دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا تێرۆر کراوە و تێرۆری ترامپ، یەکێکە لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە و بە تێرۆرکردنی ناوبراو دەبێ تۆڵەی قاسم سولەیمانی بکەینەوە.
تێرۆریست دارابی لە وڵامی پرسیارێکدا کە دەڵێن بۆ ترامپ دەبێ تێرۆر بکرێ؟ وتی: تەنانەت ئەگەر لە وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپا کەسێک بیهەوێت تێرۆر بکا سزاکەی له سێدارەدانە و هیوادارم لە ڕۆژانێکی نزیکدا ترامپ تێرۆر بکرێ.
دارابی لە درێژەدا بە هەڕەشە لە وڵاتانی ئۆرووپایی و وڵاتانی دراوسێی ئێران وتی: هەر بەو جۆرەی کە خامنەیی دەڵێ ئەمریکا پێشێلکاری مافی مرۆڤە لە جیهاندا و دەبێ وڵاتانی ئورووپایی و دراوسێکانی ئێران کە سەربە ئەمریکان سزا بدرێن.
جێگای ئاماژەیە کە کازم دارابی، یەکێک لە تێرۆریستە بە نێوبانگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانە کە پاش تێرۆرکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی لە ڕێستورانی میکۆنووس لەلایەن دەزگای قەزایی وڵاتی ئاڵمانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا.
پێویستە بگوتری کە سەرەڕای ناڕەزایەتیی زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، تێرۆریست کازم دارابی پاش ١٥ ساڵ بەندکران ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە زیندان ئازاد کراو و گەڕایەوە بۆ ئێران.