فیگه‌ن یوكسێكداغ، هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په رایگەیاند کە: ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاماده‌كاری بۆ شەڕێکی هه‌رێمی ده‌كا و ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ چوونە نێو خاکی سووریەوە.
یوكسێكداغ لە كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی حیزبەکەی له پارلمانی تورکیە گوتی: كۆمه‌ڵگه‌ی توركیە رووبه‌ڕووی رێژێمی كۆیلایه‌تی بۆتەوە. ئەو لە درێژەدا گوتی: له ژێرزه‌مینێکدا له جزیره ١٤٥ كه‌س كوژران و تێكڕا له جزیره ٢٥٨ برا و هاوڕێمان كوژران و تەرمیان شێوێندراوە.
یوكسێكداغ، ئیدیعای كرد كه ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی جزیره درێژه‌یان هه‌یه و پۆلیس هه‌ڵیكوتاوه‌ته سه‌ر شاره‌وانی شارۆچكه‌كه‌و رێگری كردوه له‌وه‌ی شاره‌وانی هاوكاری خه‌ڵك بكا.
هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په فیگه‌ن یوكسێكداغ، چه‌ند وێنه‌یه‌كی لە پێوەندی لەگەڵ رووداوه‌كانی جزیره نیشان دا و گوتی: “ئه‌نجامی ئه‌و عەمەلیاتانەی گوتیان به سه‌ركه‌وتوویی ته‌واومان كردوە شارێكی كاول و وێرانه‌یه. عەمەلیاتەکان هیچ سه‌ركه‌وتنێكی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌و به‌رگری شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی گه‌ل ته‌واو نه‌بووه.
یوكسێكداغ، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه خاوه‌نی ئه‌و هێزه‌ن بتوانن له‌ژێر داروبەردە رووخاوه‌كان خۆیان بێننه ده‌ره‌وه و گوتی: “زێهنییه‌تێك به‌رامبه‌رمانه كه هێنده بێ ره‌وشته ته‌رمی ئافره‌تێك رووت ده‌كاته‌وه و سووكایه‌تی پێ ده‌كا”.
هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په یوكسێكداغ هەروەها رایگه‌یاند كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاماده‌كاری بۆ شەرێکی ناوچەیی دەکا و بە تەمایە بە داگیرکردنی سووریە هه‌موو گه‌لانی توركیا راپێچی شەرێکی زۆر گه‌وره‌تر بکه‌ن.