پەروین بۆڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە حیزبی دەسەڵاتدار لە تورکیە دوایین ڕۆژەکانی خۆی تێپەڕ دەکا وتی: کوردەکان ناچار نین دەنگ بە هیچ لایەن و حیزبێک بدەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “بەینولنەهرەین” بۆڵدان لە نێوان ئەندامانی حیزبەکەیاندا لە شاری غازی ئانتاپ بەئاماژە بەوەیکە حیزبی دەسەڵاتدار لە تورکیە ڕێگا چارەی سیاسیی ناگرێتەبەر و تەنیا بە ئەشکەنجە وسەرکوت دەیهەوێت بوونی خۆی بسەلمێنێ وتی: ئێمە ئیزن نادەین هەدەپە لەلایەن دەسەڵاتی تورکییەوە دابخرێ.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنەکان و وتنی ئەوی کە لەم کاتەدا بەرپرسان ودەسەڵاتدارانی تورکیە دەنگی کوردەکانیان دەوێ وتی: سەرۆککۆماری تورکیە چەند ڕۆژ پێش ئێستا و لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکاندا چوەتە “دیاربەکر” داوای دەنگی کوردەکان دەکا.
بۆڵدان بەئاماژە بەو هەڵاواردن و کوشتن وبڕینەی کە دەوڵەتی تورکیە لە بەرانبەر کوردەکاندا دەیکا وتی: ئێمە بەو کەسانەی کە ئیزن بە خۆیان دەدەن هەرکات دەنگی کوردەکانیان ویست سەردانیان بکەن و هەرکات نەیانویست بکەونە ئازار وئەشکەنجەیان و مافی هەڵبژاردنی کوردەکان لە بەرچاو نەگرن دەڵێین کە دەسەڵاتەکەتان دوا ڕۆژەکانی خۆی تێپەڕ دەکا و ڕوو لە کۆتاییە و کوردەکان ناچار نیین دەنگ بە هیچ حیزب و لایەنێک لە تورکیە بدەن.
بۆڵدان هەروەها وتی: هەر حیزب و لایەنێک لە داهاتوودا دەسەڵاتی تورکیە بگرێتەدەست دەبێ مافی کوردەکان لەبەرچاو بگرێ ئەگینا وەکوو ئەوانی پێشوو تووشی شکانی یەک لەدوای یەک دەبێ.