ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی بۆکان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو، کێوی مەحاڵیان بە ئاڵای کوردستان و وێنەی دوکتور قاسملوو ڕازاندەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی سێشەممە٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی بۆکان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری ناوداری کورد، بە دەستی جەلادە خوێنمژکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤییەن پێتەختی ئۆتریش و بەرزڕاگرتنی ناوی ئەو شەهیدە سەرکردەیە چالاکییەکی تەبلیغییان بەرێوەبردووە.
ئەندامانی چالاک و وەفاداری حیزبی دێموکرات لە ناوچەی بۆکان کێوی مەحاڵ هەڵکەوتوو لە نێوان بۆکان ومەهابادیان بەئاڵای کوردستان و وێنەی دوکتور قاسملووی نەمر ڕازاندەوە و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی سەرکردە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دووپات کردەوە.
لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی لە هاوڕێیانمان لە ناوچەی بۆکان ،هیوای سەرکەوتنی زیاتریان لە کار و ئەرکەکانیاندا بۆبە ئاوات دەخوازین.