ڕۆژی سێشەممە ۲۲ی پووشپەڕی ۱٤٠٠ی هەتاوی کاتژمێر ٥ی ئێوارە، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی چەند حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کورد و فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک، کۆڕێک بۆ یادکردنەوەی ساڵوەگەڕی تیرۆری شەهید دوکتور قاسملووی نەمر و هاوڕێیانی بەڕێوە چوو.
کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگەیاندنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. سەرەتا پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارک بە زمانی کوردی لەلایەن “سیروان شەڵماشی”، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی دانمارک پێشکەش کرا و پاشان هەمان پەیام لەلایەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتە، “بێستوون محەممەد زادە” بە زمانی دانمارکی خوێندرایەوە. پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکە بوو کە بە چەشنی خوارەوە خوێندرایەوە:
ـ پەیامی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سووریە
ـ پەیامی پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور
ـ پەیامی فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک
ـ پەیامی ناوەندی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا، پەخشانی “قاسملوو” کە پەخشانێکی پڕسۆزی شاعێری گەورەی کورد “شێرکۆ بێکەس” بوو، لەلایەن خاتوو “شاناز کاکەئازەر”ەوە پێشکەش کرا.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا لەلایەن هاوڕێ “وریا مەللاک”، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی دانمارکەوە و بە نوێنەرایەتی کۆمیتە، دەسخۆشی لە بەشداربووان کرا.
شایانی باسە لە درێژایی کۆڕەکە و بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی ڕێبوارانی بیانی و لەقاودانی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران، تراکت و بڕوشوورگەلێک لەسەر ژیان و کەسایەتیی شەهید دوکتور قاسملوو و هەروەها وردەکاریی تێرۆرەکانی ڤییەن، بە هەر دوو زمانی ئینگلیزی و دانمارکی لەلایەن ئەندامانی حیزب بڵاو کرایەوە.