میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی “ئەلمەیادین” دەستبەسەر خانووی هاووڵاتیانی سووریدا دەگرن و دەیکەن بە کۆگای چەک و تەقەمەنی و بەمجۆرە خەڵکی مەدەنیی دەکەن بە قەڵغانێکی مرۆیی بۆخویان.
سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی سووریە، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە شاری” ئەلمەیادین”ی سووریە بە دەسبەسەرداگرتنی خانووی خەڵکی دژبەری حکوومەتی سووریە، خانووەکانیان دەکەن بە کۆگای چەک وتەقەمەنی و بەمجؤرە لە خەڵکی مەدەنیی قەڵغانێک بۆ خویان لە بەرانبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ساز دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، دەسبەسەرداگرتنی خانووەکانی خەڵکی مەدەنیی سووریە زیاتر لە شەقامی ١٦ی شاری ئەلمەیادین دەستیپێکردووە و زۆر بە خێرایی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە ترسی هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا وئیسرائیل چەک وتەقەمەنییەکانیان دەگوازنەوە.