حوسێن تائێب، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم لە سەردانێکدا بۆ عێراق داوا لە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەکا کە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە چڕتر بکەن.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بە پێی زانیارییەکانی سێ سەرچاوەی سەربازیی و دوو سەرچاوەی ئەمنییەتیی، حوسێن تائێب، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، حەوتووی ڕابردوو لە سەردانێکدا هاتۆتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی هەبووە، سەرەڕای ئەویکە داوای لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کردووە کە هێرش بکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا، وتووشیەتی هێرشەکان بە ئەستۆ مەگرن و بە میدیایی مەکەن.
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی کە ئاگاداری دانیشتنەکانی حەشدی شەعبی وتائێب بووە بە هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”ی ڕاگەیاندووە کە لەو کۆبوونەوە بڕیاردراوە هێرش بکەنەسەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ئێران میلیشیاکانی لە عێراقدا وەکوو کارتێکی گوشار بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بەکاردێنێ.