بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری هامبۆرگ لە وڵاتی ئالمان، ئاکسیۆنێک لە بەردەم کۆنسوڵخانەی ڕێژیمی ئێران لەو شارە بەڕێوەچوو.
ڕۆژی سێشەممە ۲۲ی پووشپەڕی ۱٤۰۰ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ ۳۲هەمین ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی ڕێبەری ناوداری کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە دەستی دیپڵۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری هامبۆرگی ئالمان، ئاکسیۆنێکیان بەبۆنەی ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملووی نەمر و مەحکووم کردنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەردەم کۆنسوڵخانەی ڕێژیم، پێک هێنا.
ئاکسیۆنەکە، بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، دەستی پێکرد.
لەو ئاکسیۆنەدا سەرەتا پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان ــ کۆمیتەی ئالمان، لەلایەن ڕافا سەرڕووتی، بە زمانی کوردی خوێندرایەوە.
دوای خوێندنەوەی پەیامی کۆمیتەی حیزب لە ئالمان، بەشداربووان بە دانی درووشم و خوێندنەوەی سروودی “ئەی شەهیدان و من پێشمەرگە کوردستانم”، لەلایەن هونەرمەند ڕافا سەرڕووتی، بەڵێن و پەیمانی وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نوێ کردەوە و ڕق و بێزاریی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.
لە بەشی کۆتایی ئاکسیۆنەکە، هاوڕێ سینا بێهنام، بە زمانی فارسی پەیامی حدک ــ کۆمیتەی ئالمانی خوێندەوە و بەشداربووان لەم ئاکسیۆنە، بە دانی درووشم دژی کۆماری ئیسلامی، ڕق و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیم سەرلەنوێ دەربڕییەوە.
شایانی باسە کە ئاکسیۆنەکە کاتژمێر ۱۱ی پێش نیوەڕۆ دەستی پێکرد و کاتژمێر ۱ی دوا نیوەڕۆ کۆتایی پێهات.