بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی ورمێ و پیرانشار بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی جەلادە خوێنمژکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤییەن پێتەختی ئۆتریش و بەرزڕاگرتنی ناوی ئەو شەهیدە سەرکردەیە چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان بەرێوەبردووە.
ئەندامانی چالاک و وەفاداری حیزبی دێموکرات لە شاری پیرانشار لە چەند شوێنێکی شەقامی مەولەوی، فەلەکەی گاز،فەرمانداری و چوارڕێیانی سەعدی بە تراکتی تایبەتی دوکتور قاسملوو، شاریان ڕازاندەوە و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی سەرکردە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دووپات کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەمان ڕۆژ ئەندامان ولایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری ورمێ بەم بۆنەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی لە هاوڕێیانمان لە شارەکانی ورمێ و پیرانشار،هێوای بەردەوامبوون و ساغی و سڵامەتیان بۆ بە ئاوات دەخوازین لە ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا.