گرووپی تاڵیبان لە بڕیارێکی نوێیدا، بڕیاری داوە کە کچانی سەروەی تەمەن ١٤ساڵ و ئەو ژنانەی کە مێردیان نییە دەبێ بە زۆری هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامە شەڕکەرەکانی ئەو گرووپەدا بکەن.
ئەندامانی پارلمانی ئەفغانستان بە ڕەخنەگرتن لەم کارە نامرۆڤانەی گرووپی تاڵیبان ڕایانگەیاند کە گرووپی تاڵیبان لە ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی خۆیدا بە زۆری کچانی سەروی تەمەن ١٤ ساڵ و ئەو ژنانەی کە مێردیان نێیە، دەکا بە هاوسەری ئەندامانی گرووپەکەی.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی” جمهوور”ی ئەفغانستان، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامانی مەجلیسی ئەفغانستان، سەرەڕای مەحکوومکردنی گرووپی تێرۆریستی تاڵیبان بە کرداری نامرۆڤانە، ڕایانگەیاند کە هاوسەرگیری زۆری کچانی تەمەن ١٤ ساڵ و ژنانی بێ مێرد لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە مەحکوومە.
میر ڕەحمان ڕەحمانی، سەرۆکی مەجلیسی ئەفغانستان، لەم پێوەندییەدا وتی: هەڵاواردنی نامرۆڤانە بەدژی ژنان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان زۆری نیگەران کردووین و لەم بارەوە داوامان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئورووپا و ڕێکخراوەکانی پشتیوان لە مافی ژنان لە جیهان کردووە کە پێش لەو کارە دژە مرۆڤانەیەی گرووپی تاڵیبان بگرن.