ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی سنە و دێولان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی سنە و دێولان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی جەلادە خوێنمژکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤییەن پێتەختی ئۆتریش و بەرزڕاگرتنی ناوی ئەو شەهیدە سەرکردەیە چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان بەرێوەبردووە.
ئەندامانی چالاک و وەفاداری حیزبی دێموکرات لە شاری سنە گەڕەکەکانی شاری سنەیان بە تراکتی تایبەتی دوکتور قاسملوو ڕازاندەوە و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی سەرکردە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دووپات کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەمان ڕۆژ ئەندامان ولایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەوی لەیلاخ و لە گوندی چەخماخدەرە بەم بۆنەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی لە هاوڕێیانمان لە شاری سنە و هەروەها گوندی چەخماخدەرە،هێوای بەردەوامبوون و ساغی و سڵامەتیان بۆ دەخوازین لە ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا.