محەممەد جەواد زەریف، لە ئاخرین ڕاپۆرتی کاریی سێ مانگەی وەزارەتی دەرەوی ئێران بۆ مەجلیس لەهەمبەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بەئاماژە بەوەی کە ئێمە هێندێک دەسکەوتمان وەکوو لابردنی گەمارۆکان هەبووە، درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی “ڤییەن”ی ڕادەستی دەوڵەتی نوێی ئیبراهیم ڕەئیسی کرد.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاکامی کاری سێ مانگەی وەزاتی دەرەوەی داوە بە مەجلیسی ئێران و هەروەها ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٦ دەورەی وتووێژەی بەرنامەی ناوکیی لە ڤییەن ئێمە دەسکەوتی زۆرمان هەبووە و زۆر نزیک بوینەتەوە لە لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و لەم ڕێککەوتە بەدواوە درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕادەستی دەوڵەتی نوێی ئیبراهیم ڕەئیسی دەکەم.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە وتنی ئەوەی کە هیچ ڕێککەوتنێک بە دڵخوازی هیچ کەسێک نییە ڕایگەیاند ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام هەموو ئەو گەمارۆگەلەی کە بە سەر ئێراندا سەپاوە هەمووی لادەچێ.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەروەی ئێران، ئەو گەمارۆگەلەی کە پێوەندی بە دەفتەری خامنەیی، سپای پاسداران و بەشێک لە گەمارۆکانی سەر پیشەی نەوت و ئەو رێکخراوانەی کە لە ژێر چاوەدێری ڕاستەخۆی “خامنەیی”دان هەیە لە وتووێژەکانی ڤییەن باسی لێکراوە و لە ئەگەری گەیشتین بە ڕێککەوتنێک ئەوە هەموو ئەو گەمارۆگەلە لە سەر ئێران لا دەچێ.
بڕیار وایە کە دەوڵەتی نوێ ئێران بە سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی ١٢ی گەلاوێژ دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ و درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دەکەوێتە ئەستۆی یەکێک لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەر بەم هۆیەوە ئەندامانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە هاتنە سەرکاری ڕەئیسی زۆر نیگەرانن.