حوسێن حەسەنخانی، مامۆستای خانەنشینکراو و ئەندامی گرووپێکی مەزهەبیی لە مەهاباد، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەری ١٤٠٠ی هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەهاباد حوسێن حەسەنخانی ئەندامی گرووپێکی مەزهەبییان دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٣ مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراوەتەوە.
حوسێن حەسەنخانی تەمەن ٦٢ ساڵ کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ وەکوو مامۆستا لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد وانەی وتووەتەوە ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و دواتر بە بارمتە ئازاد کرابوو.
ئەو مامۆستا خانەنشینکراوە دواجار مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی “پڕۆپاگەندە دژی حکوومەت” سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.