کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز لە کاتی کۆڵبەریی لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
بەپێی ڕاپورتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاونیوز، ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بروێشکانێ بانە تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردوە و کۆڵبەرێک بە ناوی “حامید ئەمینپوور” تەمەن ٤٨ ساڵ کوژراوە.
یەکێک لە خزمانی حامید ئەمین پوور بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندووە کە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو تەقەی لێکراوە و چەندین گولـلە بەر سکی کەوتووە و ڕۆژی یەکشەممە دوای گەڕانێکی زۆر توانیمان تەرمەکەی ناوبراو بدۆزینەوە لە کاتێکدا خوێنێکی زۆری لێ ڕۆشتبوو.
لەلایەکی دیکەوە هەمان ڕۆژ لە سنووری نەنۆڕی بانە دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی موختار شەریفی و میکائیل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.
ئەو دوو کۆڵبەرە ئێستا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدان.