نارەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵکی ئەهواز لەهەمبەر سیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، بۆ درووستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاو، ویشکبوونی تاڵاوەکانی و پێشگرتن لە کاری کشتوکاڵی خەڵکی ئەهواز، بوەتە هۆی دەسبەسەرکرانی بەربڵاوی خەڵکی ئەهواز لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی خووزستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەهواز و جووتیاران لەبەردەم زۆربەی رێکخراوە دەوڵەتییەکانی ئەهواز بەردەوام بووە و خەڵک لەهەمبەر سیاسەتەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بۆ سازکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاوی ئەو ناوچەیە هەڵوێستێکی بوێرانەیان گرتووە، بەوهۆیەوە لەلایەن هێزەئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و بەدەیان کەس لە خەڵکی ئەهواز دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە خەڵکی ناڕازیی ئەهواز بە کۆبوونەوە لەبەردەم ئوستانداریی وفەرمانداریی ئەهواز دروشمیان بەدژی بەرپرسانی ڕێژیم بەرزکردۆتەوە و بە هێنانی مانگایەک ڕایانگەیاندوە کە ئێمە پارێزگاری بێدەسەڵاتمان ناوێ و مانگایەک بە جێگەی پارێزگار دادەنێین.
ئەم نارەزایەتیی دەربڕینەی خەڵکی عەرەبی ئەهواز بوەتە هۆی ئەوەی کە هێزە چەکدارەکانی رێژیم هێرش بکەنە سەر خەڵک و بەدەیان کەسیان لێ دەسبەسەر بکەن.