زیاتر لە ١٥٠هەزار کرێکاری پیشەی نەوت، گاز و پێترۆشیمی ئێران بە دەسپێکردنی هەڵمەتێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، داوای دەرکردنی پەیمانکارانی کۆمپانیا دەڵاڵەکان دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئیلنا” ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ١٥٠هەزار کرێکاری گرێبەستی پیشەی نەوت، گاز و پێترۆشیمی لە هەڵمەتێکدا لە تۆڕەک ۆمەڵایەتییەکان داوای لابردنی پەیمانکارە دەڵاڵەکان و هەروەها مافەکانیان دەکەن.
لە بەشێک لە بەیاننامەی کرێکارانی گرێبەستی مانگرتوودا هاتووە کە “ئێمە لە ئیدارە حکوومەتییەکان شانبەشانی کارمەندانی دیکە کار دەکەین و هەموو کار و مەئموورییەتەکانمان وەکوو یەکە، بۆچی دەبێ پارەی مانگانەکانمان سێ هێندە جیاواز بێ؟”
لە کاتی ناڕەزایەتیی و مانگرتنە کرێکارییەکاندا بە سەدان کرێکاری مانگرتوویی پیشەی پێترۆشیمی گەچساران لەسەر کارەکانیان بەهۆی مانگرتنەوە دەرکراون.
لە درێژەی مانگرتنە گشتییەکانی کڕێکارانی ئێراندا” تۆڕی نێونەتەوەیی سەندیکای هاودەنگیی” پێکهاتوو لە یەکیەتییەکان و فیدراسیۆنە کرێکارییەکانی هەموو جیهان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاودەنگی و دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتنە گشتییە کرێکارییەکانی ئێران، مانگرتنی کرێکارانی گرێبەستی پیشەی نەوت، گاز و پێترۆشیمی ئێرانیان بە ڕەوا ناوبرد.
مانگرتنە کرێکارییەکان لە ئێراندا لەلایەن کرێکارانی پیشەی پێترۆشیمی لە پێشدا وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی، ڕۆژێک پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا دەستیپێکرد و پاشان کارمەندان و زۆربەی کرێکارانی پیشەکانی دیکە پەیوەستبوون بە کەمپەینی ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنەکانەوە