٩ پێشنوێژی کورد لە تورکیە کە لە ڕۆژی هەینیدا بە زمانی کوردیی خوتبەیان خوێندبوو دەسبەسەر وبە بڕیاری دادگای تورکیە ڕەوانەی بەندیخانەکران.
حوسێن بوگاتکین پارێزەری ئەو پێشنوێژانە بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندووە کە لە کاتی لێپرسینەوەدا پۆلیسی تورکیە پێیانی گووتووە کە بۆچی بە زمانی کوردیی خوتبەتان خوێندوەتەوە لە رۆژی هەینیدا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی” گازتە دیوار” ئەو ٩ کەسە پێشنوێژە ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دێموکراتیک و ئەنجومەنی ئایینیی لە ئیستانبۆڵ بوون کە بەبڕیاری دادگای ئیستانبۆڵ ڕەوانەی بەندیخانە کراون تەنیا بەتۆمەتی ئەوەیکە ڕۆژی هەینی خوتبەکانیان بە زمانی کوردیی خوێندوەتەوە.
ئیبراهیم یالیین، یەکێک لە پێشنویژەکانی هەینیی ئیستانبۆڵ وتی: تەنیا تاوانی ئێمە ئەوە بووە کە لە مزگەوتدا بە زمانی کوردیی خوتبەمان خوێندوەتەوە و پاڕانەوەکانمان لە یەزدانی مەزن هەمووی بە زمانی کوردیی بووە و ئەگەر پارانەوە و نزاکردن بە کوردیی تاوان بێ ئەوە نیوەی خەڵکی تورکیە تاوانبارن و ئەو دادگایە دەبێ بەدژی خودا بەڕێوە بچێ کە ئێمەی وەکوو کورد درووست کردوە و زمانی ئێمە کوردییە، دەبێ بەرپرسانی حکوومەتی تورکیە سکاڵا لە خودا بکەن نە لە ئێمە.
ناوبراو لە دڕێژەدا وتی: لە ئیستادا لە هەموو تورکیە زمانی ئینگلیسی ئازادە و هەموو کەس دەخوێنێ و قسەی پێدەکا بەڵام کە دەگاتە زمانی کوردیی قەدەغەیە و هەرکەس بە زمانی کوردیی قسە بکا وەکوو تاوانبار سەیر دەکری و لەلایەن حکوومەتەوە سزا دەدرێ.