لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕۆژی ڕابردوو ١٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو و هەروەها کرێکارانی شارەوانیی کووت عەبدوڵا و کرێکارانی نانەواخانەکانی نەیشابوور پەیوەستبوون بە مانگرتنە گشتییەکانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران ١٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو و هەروەها کرێکارانی شارەوانیی کووت عەبدوڵا و کرێکارانی نانەواخانەکانی نەیشابوور پەیوەستبوون بە مانگرتنە گشتییەکانی ئێرانەوە.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەبەردەم بینای دادگای ئینقلابی تاران، نانەواخانەکانی قەزوین لە بەردەم بینای یەکیەتی و سەندیکای کرێکارانی نانەواخانەکانی ئەو شارە، ژنانی گوندەکانی نەسیر مەحەلە و شاڵما سەر بە شاری شفت لە شەقامی سەرەکیی نێوان دوو گوندەکە، کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە لە حەوشەی ئەو کۆمپانیایە، خەڵکی گوندی “مەرغا”ی سەر بە شاری ئیزە لە بەردەم فەرمانداری ئەو شارە، کارمەندانی گرێبەستی کۆمپانیای سڵامەتی شاری قوم لە بەردەم دەفتەری نوێنەری خەڵکی ئەو شارە، کارمەندانی ئیدارەی مخابراتی گوندەکانی خوراسان لە بەردەم بینای ئیدارەی گشتیی وەزارەتی کار لە شاری مەشهەد، شۆفێر تاکسییەکانی کۆدی هەشتی مەریوان لە بەردەم بینای ئیدارەی تاکسیڕانی ئەو شارە و خەڵکی ناڕازیی گوندەکانی پارێزگای خووزستان لەهەمبەر ویشکبوونی تاڵاوەکان لە بەردەم بینای ئوستانداریی ئەهواز بەڕێوەچوو.
هاوکات لە لایەکی دیکەوە کرێکارانی شارەوانیی کووت عەبدوڵا و کرێکارانی نانەواخانەکانی نەیشابوور، پەیوەستبوون بە مانگرتنە گشتییەکانی ئێرانەوە.