کۆلۆنێل دەیڤ ویلیامز، فەرماندەی هاوبەشی هێزە هاوپەیمانەکانی دژی داعش، ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە گرووپی تێرۆریستی داعش لە پارێزگای دیالەی عێراق خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و لەژێر سێبەری میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق، خەریکی سەرهەڵدانەوەن.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای دیالە بەهۆی گوشارهێنان بۆ سەر خەڵکی سوونی ئەو پارێزگایە، هۆکاری سەرەکیین بۆ پەیوەستبوونی خەڵک بە گرووپی تێرۆریستی داعش.
ویلیامز هەروەها بە ئاماژە بەوەیکە هێرشی بەردەوامیی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق، بووەتە هۆی ئەوەی کە هێزەکانی هاوپەیمان مەبەستی سەرەکییان کە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی تێرۆریستی داعشە، لە بیر بچێتەوە.
ویلیامز لە درێژەدا وتی: ئازاردانی خەڵکی سووننی مەزهەبی ئەو ناوچەیە لەلایەن میلیشیا شیعەکانی سەر بە رێژیمی ئێرانەوە، هۆکارێکی گرینگە بۆ پەیوەستبوونی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە گرووپی تێرۆریستی داعشەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازیی و ناوەندە دیپلۆماتیکەکانیان لە عێراق بەمەبەستی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق وتی: ئەم هێرشانە هیچ دەرەنجامێکی باشی بۆ میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران نابێ و هێزەکانی هاوپەیمان نایانهەوێت لە خاکی عێراق بچنەدەرەوە.