بیل هێگێرتی، داوای لە جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا کردووە بەجێگەی نەرمی نواندن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداری وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بکات.
بیل هێگێرتی، سێناتۆری کۆماریخواز، ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بابەتێکدا کە لەماڵپەڕی” برایت بارت” بڵاوکراوەتەوە، نووسیوویە کە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی کە ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ دەوڵەتی بایدێن لە ڤییەن، لەژێر گوشاری گەمارۆکان بێتەدەرەوە و سەدان میلیون دۆلاری بۆ دابینکردنی ماڵیی گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکانی دەستبکەوێت.
ناوبراو بە ڕەخنەگرتنی توند لە بایدێن دەڵێ: بایدێن بە باوەڕی خۆی دەیهەوێت لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بگا بە ڕێککەوتنێکی بەهێز و درێژماوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران تێرۆریستە و جێگای باوەڕ و متمانە نییە.
هێگێرتی لە کۆتاییدا دەڵێ: جۆ بایدێن دەبێ سیاسەتێک بگرێتەبەر کە پێش لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بگرێ و ئیزن نەدا ئێران هێرشی تێرۆریستی بکاتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.