ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی١٩ی پووشپەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی بەرین بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوە بە ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان بەتایبەتی ئەو شەهیدانەی کە سەربەرزانە چوونە بن پەتی سێدارە و تەسلیمی دووژمن نەبوون، دەستی پێکرد.
دواتر بەڕێز ڕەحیم مەحموودی بەڕێوەبەری کۆبوونەوە کە دوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی بە بەشدارانی کۆبوونەوە راگەیاند.
دواتر بەڕێز سەلاح خزرپوور بەڕپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسێکی کورتی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
سەلاح خزرپوور لە بەشێک لە قسەکانی باسی لە ئێعدامی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی و قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژیی خەڵکی بێ تاوانی کورد کرد کە لە کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی دا تۆمار کراون.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نەبوونی یاسای تاوانی سیاسی لە ئێراندا لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، وایکردووە کە زیندانیانی سیاسی ، وەک “محاربە”-شەڕ لەگەڵ خودا و ڕەسووڵی خودا و فەساد لەسەر زەوی محاکمە بکرێن و زیندانی قورسیان بەسەردا دەسبێنرێ و ئێعدام دەکڕێن.
خزرپوور لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئەنجومەن بەرەو گرتنی کۆنفرانسی چوارەمی خۆی دەچێت و داوای لە ئەندامان و ئامادەبووان کرد کە بەشداریی جیددی لە دەستنیشان کردنی ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەهێزتر و کاراتر ئەرکەکانیان لەو بوارەدا جێبەجێ بکەن.
لە کۆتاییدا بەشداران سەرەنج و تێبینی خۆیان سەبارەت بە کۆبوونەوەکە دەربڕی و پێشنیارەکانی خۆیان گەیاندە بە بەڕێوەبەرانی ئەنجومەن.