پەناخوازێکی کوردی خەڵکی نەغەدە کە سێ ساڵە لە ئاڵمان داوای مافی پەنابەریی کردووە، مەترسیی دیپۆرتکرانی لەسەرە.
بەپێی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەنابەرێکی سیاسیی کورد بە ناوی “شەهرام تاجگەردوون” خەڵکی گوندی “قاڕنێ”ی سەر بە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ، لە پاش ڕەتکرانەوەی داواکاریی پەنابەرییەکەی لە وڵاتی ئاڵمان، مەترسیی جیدیی دیپۆرتکرانەوەی لەسەرە.
شەهرام تاجگەردوون لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە چووەتە ناو خاکی ئاڵمان و داوای مافی پەنابەریی کردووە. لە پاش چەند جار ڕەتکرانەوەی داواکەی، ئێستا لە ناوەندێکی تایبەتی دیپۆرت لە شاری فۆرتسهایم، لە بەندی تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و گوشارێکی دەروونیی زۆری لەسەرە.
بەرپرسانی ئاڵمان بەم پەناخوازەیان ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە.
شەهرام تاجگەردوون، خەڵکی گوندی قاڕنێی سەر بە شاری نەغەدەیە کە لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی و لە پاش فەتوای جیهادی خومەینی بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان، لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ کران و نزیک بە ٧٠ کەس لە دانیشتووانی ئەم گوندە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژران.