گرووپی تاڵیبان باگەشەی ئەوە دەکا کە کۆنترۆڵی ٨٥ لەسەدی خاکی ئەفغانستانی بەدەستەوەیە و لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردووشدا لە ٣ خاڵی گومرگی سنووری ئێران و ئەفغانستان، ٢ خاڵی گومرگ کەوتووەتە دەست ئەو گرووپە.
نێردەی تاڵیبان لە مۆسکۆ ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو گرووپە کۆنترۆڵی ٨٥ لەسەدی خاکی ئەفغانستانی بەدەستەوەیە. گرووپی تاڵیبان لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ناتۆ، لە زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستان پێشڕەوی کردووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی پەرە پێداوە.
ڕۆژی هەینیش، خاڵی گومرگی “ئیسلام قەلعە” لە سنووری ئێران کەوتە دەست گرووپی تاڵیبان، بەپێی هەواڵدەرییەکانی ئەفغانی، دواتریش خاڵی گومرگی “ئەبونەسر فەراهی” لە سنووری پارێزگای خوراسانی باشووریش لە ئێران کەوتە دەست هێزەکانی تاڵیبان و بەو پێیە ٢ خاڵی گومرگ لە کۆی ٣ خاڵی گومرگی ئێران و ئەفغانستان، لە دەست تاڵیبان دایە.
بە گوێرەی هەواڵدەرییەکانی ئێران، دوای کۆنترۆڵی خاڵی گومرگی “ئیسلام قەلعە” لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە، ١٧٠ کەسی ئەفغانی وەک پەناخواز خۆیان گەیاندووەتە ئێران و لە کەمپێکدا نیشتەجێ کراون.