ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سەقز بەبۆنەی ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی هەینی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سەقز بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی جەلادە خوێنمژکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤییەن پێتەختی ئۆتریش و بەرزڕاگرتنی ناوی ئەو شەهیدە سەرکردەیە چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان لە شەقام وگەڕەکەکانی شاری سەقز بەڕێوە برد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی سەرکردە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دووپات کردەوە.
ئەو شوێنانەی کە بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی شەهید قاسملوو لە شاری سەقز ڕازێندرایەوە بریتین لە: شارەکی زانکۆ، قەرەچیاوا، بلواری دانشجوو، پردی کەوەسوار، حاجیاوا، بەربڕان، تەپەی ماڵان و ئاخری شاناز و سەرقەبران.
لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی لە هاوڕێیانمان لە نێوخۆی وڵات، هێوای بەردەوامبوون و ساغی و سڵامەتیان بۆ دەخوازین لە ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا.