تەقینەوەی بەهێزی بۆمبێک لە شەقامی وەلیعەسەر هەڵکەوتوو لە باکووری تاران، ئەو شارەی هەژاند.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز ناوچەی پارکی میللەتی لە باکووری تاران هەژاند و هێندێک لە شایەتحاڵان باس لە تەقینەوەیەکی بەهێز لە بینایەکی دەوڵەتیی لە نزیک ڕێکخراوی دەنگ وڕەنگی ئێران لە شەقامی وەلیعەسر دەکەن.
لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، دووکەڵێکی ڕەش و گەورە لە شوێنی ڕووداوەکە بەرزبوەتەوە کە شایەتحاڵان دەڵێن دەنگی تەقینەوەی بۆمبمان بیستووە.
کاناڵی دەوڵەتیی” خەبەر” سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ: شتێکی نەناسراوەوە لە دەورووبەری پارکی میللەت تەقیوەتەوە کە تا ئێستا هیچ خەسارێکی گیانی و ماڵی لێنەکەوتوەتەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا” محەممەد ڕەزا گودەرزی” جێگری ئەمنییەتیی و سەربازیی پارێزگاری تاران، بەهەواڵدەرییەکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە تەقینەوەیەکی بەهێز لە دەورووبەری پارکی میللەت هاتوەتە ئاراوە و کارناسانی ئەو بوارە خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر ڕووداوەکە.