وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەهەمبەر وەرگرتنی زانیاریی لە سەر” ئیبراهیم ئەلبەنا” یەکێک لە ڕێبەرانی ئەلقاعیدە ٥ میلیۆن دۆلاری وەکوو خەڵات دیاریکردوە.
دامەزراوەی ” خەڵات بۆ دادپەروەری” سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، داوای زانیاریی لە سەر”ئیبراهیم ئەلبەنا” کردووە و نووسیوویە” ناوبراو لە دامەزرێنەران و ڕێبەرانی گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیدەیە و بە هاوکاریی ڕێبەرانی ئەلقاعیدە لە ئێران خەریکی ئاژاوەگێڕی و کاری تێرۆریستییە لە وڵاتی یەمەن.
لە درێژەی تویتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووە کە ئەم تێرۆریستە وڵاتەکی خوی” میسر”ی بە مەبەستی کاری تێرۆریستیی و زەربەلێدان لە خەڵکی یەمەن بە جێهێشتووە.
ئەلبەنا کە ناسراوە بە ” ئەبوو ئەیمەن ئەلمیسری” یەکێک لە سەرکردەکانی ئەلقاعیدە وەکوو بەرپرسی بەشی زانیارییەکان چالاکیی دەکا.
ناوبراو ڕێبەری بەشێک لە گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدەی لە ئەستۆیە کە بەرپرسە لە هەموو هێرشە تێرۆریستییەکان، وەکوو تەقینەوە لە باڵویزخانە ئەمریکا لە سەنعا و فەرماندەیی هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر بنکەی سەربازیی لە هەرێمی فلوریدای ئەمریکا.