بەرپرسی باڵای ئیستراتیژی و هەڵمەتی ” ڕێکخراوی ئازادیی ئایین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” دەڵێ: لە ئیستادا زیاتر لە ١٠٠ کەسی بەهایی بەهۆی ئایینەوە لە بەندیخانەکانی ئێراندان.
مایلز ویندزوێر، بەرپرسی باڵای ئیستراتیژیی، ڕیکخراوی ئازادیی ئایین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی هەینی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بابەتێکیدا کە لە ڕۆژنامەی” نیۆیۆرک تایمز” بڵاوبۆتەوە دەڵێ: ڕەئیسی کە بەخێرایی بەرپرسایەتیی دەزگای قەزایی ئێران بەرەو سەرۆککۆماریی بەجێدەهێڵێ، لە ئاخرەکانی دەیەی هەشتای زایینییدا، یەکێک لەو چوار دادوەرانە بووە کە “هەیئەتی مرگ”یان پێکهێناوە و لەم بەرپرسایەتییەیدا بڕیاری لە سێدارەدانی هەزاران دژبەری ڕێژیمی ئێرانی لە بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمە دەرکردوە.
لەبەشێکی دیکەی بابەتەکەی “ویندزوێر” هاتووە کە ڕەئیسی، وەکوو بەرپرسی گشتیی دەزگای قەزایی ئێران، پێشینەیەکی خراپ و ڕەشی هەیە و لە کاتی بەرپرسایەتیی ناوبراودا، کەمینە ئایینییەکان لە ئێراندا بەتوندترین شێوە لەسەر بیرو باوەڕی جیاوازیان سزا دراون و لە ئیستادا زیاتر لە ١٠٠کەسی بەهایی لە بەندیخانەکانی ئێراندا بەندکراون.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: رێژیمی ئێران لە گوندی” ئیوول”ی مازندەران دەستی بەسەر هەموو مڵک و ماڵی بەهاییەکاندا گرتووە و پێیانی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر دەست لە ئایینەکەی خۆتان هەڵبگرن و بێنە سەر ئایینی ئیسلام، مڵک و ماڵەکانتان پێدەدەینەوە.
ویندزوێر لە دڕێژەدا دەڵێ: ئیبراهیم ڕەئیسی یەکێک لە پێشیلکارانی سەرەکیی مافی مرۆڤە لە ئێرانە و لە ئێستادا لە لیستی گەمارۆ نێونەتەوەییەکاندایە و بە بوونی ناوبراو وەکوو سەرۆککۆمار، ژیانی کەمینە ئایینییەکان لە ئیراندا بە گشتیی دەکەویتە مەترسییەوە.