سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، شاندێکی لاوانی باشووری کوردستان لەژێر ناوی “ئەنجومەنی لاوانی کوردستان” سەردانی بنکەی سەرەکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد و لەلایەن لاوانی دێموکرات پێشوازییان لێکرا.
سەرەتای دیدارەکە وێڕای بەخێرهاتن کردنی شاندی میوان، پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان باسێکی سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی لاوانی کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی پێشکەش کرد. ناوبراو بە ئاماژەدان بە یەکگرتوویی دوژمنانی کورد و هەروەها پەرتەوازەبوونی گوتاری کوردی و بێهیوایی لاوانی کورد لە یەکنەگرتوویی لایەنە سیاسییەکان، بەستنی کۆنفڕانسی چوارەمی لاوانی چوار پارچەی کوردستانی بە زەروورەتێکی هەنووکەیی ناوزەد کرد و هەروەها بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی کۆنفڕانسی سێهەمی لاوانی چوار پارچە، بەستنی کۆنفڕانسی چوارەمی بە ئەرکی لاوانی ڕۆژهەڵات زانی کە پێشەنگایەتی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە بکەن.
لە درێژەی دانیشتنەکەدا بەشداربووان ڕا و سەرنجی خۆیان سەبارەت بە کاری ڕێکخراوەیی و ئاستی ئیستانداردی ڕێکخراوەیی لاوان خستە ڕوو و هەموو لایەنەکان کۆک بوون کە پێویستە ڕێکخراوەکانی لاوان لە تێکۆشانی خۆیاندا، ڕەچاوی پێوەرەکانی بەڕێکخراو بوون بکەن.
دواتر هەرکام لە بەرێزانی بەشدار ڕا و سەرنجی تایبەتی ڕێکخراوەکانیان خستە ڕوو و پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆیان بۆ بەستن و بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە لەم دۆخە چارەنووسسازە دووپات کردەوە.
شایانی باسە شاندی ئەنجومەنی لاوانی باشووری کوردستان پێکهاتبوو لە هەر یەک لە بەڕێزان:
مەیسەر نهێلی، سکرتێری لاوانی پارتی دێموکراتی کوردستان
ڕێبین عەلی، لێپرسراوی سکرتاریەتی لاوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
هاورێ زەعیم، ڕایەڵەی لاوانی گۆڕان
ناجیع حەمە فەرەج لە لاوانی کۆمەڵی دادگەری
هاورێ زانا لە لاوانی بەرەی چاکسازی تورکمانی
هەروەها شاندی لاوانی ڕۆژهەڵات بریتی بوون لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز پێشەوا عەلی پوور و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەڕێز پێژمان شەریعەتی.