شاندێکی پارتی دێموکراتی باکووری کوردستان سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە شاری هەولێر کرد.
ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی١٤٠٠ی هەتاوی، شاندێکی پارتی دێموکراتی باکووری کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان “فارووق بەدرخان” ئەندامی سەرکردایەتی و “محەممەد دیمیر” نوێنەری ئەو پارتە لە هەولێر، سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد کە لەلایەن “خالید وەنەوشە” نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێشوازییان لێکرا.
لەو سەردانەدا باس لەسەر چەند تەوەرێکی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان کرا و لەو چوارچێوەیەدا، نوێنەری حیزب باسی لە تێکۆشانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کرد و هاوهەڵوێستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانوستانەکانی دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی هێنایە بەرباس.
هەروەها لەو سەردانەدا، ڕەفتاری دوژمنکارانەی ئەو ڕێژیمانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە خرایە بەرباس و لە کۆتایی دانیشتنەکەدا جەخت لەسەر پێوەندیی بەردەوامی هەر دوو لایەن کرایەوە .