لەدرێژەی ئاگرتێبەردان و سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە، ئەمجارە دارستانەکانی ناوچەی پاوەی هەورامان لە ئاگردا سووتان.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە و لە درێژەی سووتانی دارستانەکانی “شەڕەکان و نانەوێژ”ی شاری پاوە، درەنگانی شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاتژمێر ١١ شەو دارستانەکانی “وڕە”ی پاوە لە پانتاییەکی گەورەدا سووتێندرا و کۆنترۆڵی ئاگرەکە لە دەست ژینگەپارێزان دەرچووە و هەتا ئێستاش دارستانەکانی وڕە لەنێو بڵێسەکانی ئاگردا دەسووتێت.
هەروەها لە گرتە ڤیدیۆکان دەبیندرێت وەکوو هەموو جارێک هیچ دامودەزگا و بەرپرسێکی سامانە سروشتییەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوونیان نییە و ژینگەپارێزان بە دەستی بەتاڵ گیانی خۆیان وەک قەڵخانێک بۆ پاراستنی ژینگەی ڕۆژهەڵات داناوە.
بە وتەی خەڵکی خۆجێیی ناوچە و ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سپای پاسداران بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری شاخەکان و بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ حیزبە کوردستانییەکان، دارستانەکانی ڕۆژهەڵات دەسوتێنێت.