میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە ٢٣ ڕاکێتی کاتیووشا، هێرشێکی مووشەکیان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی عەینولئەسەد و لە ئاکامدا سێ کەس برینداربوون.
هێزەکانی هاوپەیمان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ٢٣ ڕاکێتی کاتیووشا هێرشیان کردوتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەینولئەسەد، شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و لە ئاکامدا بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییەوە سێ کەس لە هێزەکانی هاوپەیمانان برینداربوون.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی پووشپەڕ میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوو ڕاکێتی کاتیوشا هێرشیان کردەسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
گرووپێکی میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێران کە ناوی” گوردانی تۆڵەی خوێنی موهەندس”یان لەسەر خویان داناوە ئەو هێرشەیان وەئەستۆ گرتووە.
جێگای ئاماژەیە کە بنکەی ئاسمانیی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنبار ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش کرابووە ئامانجی هێرشی مووشەکیی.
ئەم بنکەیە و باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هەروەها بنکەکانی دەوروبەری هەولێر یەکەمین جار نییە کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە هێرشیان دەکرێتەسەر و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا چەندین بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریە و هەرێمی کوردستان، کراوەتە ئامانجی مووشەکیی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.