ناکارامەیی ڕێژیم لە چارەسەریی قەیرانەکانی وڵات و پچڕانی کارەبا و کەمیی ئاو تەنگی بە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵچنیوە و ئەگەری تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ترسی خستووەتە دڵی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی.
هاوکات لەگەڵ مانگرتنە کرێکارییەکان، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر پچڕانی کارەبا و کەمیی ئاو، خەریکە دەگاتە ئاستی تەقینەوەی جەماوەریی و کاربەدەستانی ڕێژیمیش جیا لە درۆ، پاساوهێنانەوە و هەڕەشه هیچ وڵامێکیان بۆ ئەو بارودۆخە نییە.
تووڕەیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان بەهۆی سیستمی گەندەڵ ودزی کۆماری ئیسلامی و دابین نەکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانی ژیان، خەریکە دەگاتە لووتکە و پێدەچێ لە ئەگەری درێژەی ئەو دۆخە نالەبارە، شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایەتیی جەماوەریی، هاوشێوەی خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ۹۸ی هەتاوی لە کۆی ئێران سەرهەڵبدات.
چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو ڕاستییە گەیشتوون کە ڕێژیمی ئاخوندی دوای پتر لە ٤۲ ساڵ دەسەڵاتدارێتی، لەلایەک بێ کارەبایی و بێ ئاویی بۆ خەڵک بە دیاریی هێناوە و لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ناوەڕۆکی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی، سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران خەریکە لە وڵاتانی سووریە، یەمەن، لوبنان و عێراق بە فیڕۆ دەچێ.
شایانی باسە کە هەر لەو پێوەندییەدا، پارێزگاری تاران لە ترسی سەرهەڵدانی جەماوەریی بەهۆی بڵاوبوونەوەی سەدان گرتە ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیاندا خەڵک شەوانە لە کاتی پچڕانی کارەبا لەدژی ڕێژیم دروشم دەدەن، ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەی زیاتر لە ۱٥ کەس لە شاری تاران قەدەغەیە و سەرپێچی لەو بڕیارە سزای بەدواوە دەبێ.