ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزەی ناوکیی ڕایگەیاند کە ئێران دەڵێ: دەمانهەوێت بەرهەمهێنانی فلێزی ئۆرانیۆمی پێتێندراو بەڕێژەی لەسەتا ٢٠ دەسپێبکەین.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بۆ وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕایگەیاند کە ئێران ئامادەیی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی فلێزی ئۆرانیۆم دەربڕیوە.
هەرلەم پێوەندییەدا ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی” بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان” ڕۆژی سێشەممە، نێگەرانییەکانی خۆیان لەهەمبەر ئەم بڕیارەی ئێران دەربڕی و ڕایانگەیاند کە بەرهەمهێنان و پیتاندنی فلێزی ئۆرانیۆم بەڕێژەی لەسەتا ٢٠ قەدەغەیە.
ئەو سی وڵاتە ئورووپاییە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ئامادە کرابوو ڕایانگەیاند کە ئێران پیتاندنی فلێزی ئۆرانیۆم تەنیا بە مەبەستی سەربازیی بەکار دێنێ و ئەو هەنگاوێکی مەترسیدارە بۆ دەسپێڕاگەیشتنی ئیران بەچەکی ناوکیی.
لەلایەکی دیکەوە نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هەوڵەکانی ئێران بۆ پیتاندن و بەرهەمهێنانی فلێزی ئۆرانیۆم زۆر مەترسیدارە و ئەم هەوڵانەی تەنیا بەمەبەستی دەسپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکیی ناوکییە.
پرایس لە درێژەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی: ئەم هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئێمە هەموو هەوڵەکانمان وەگەڕ خستووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو وڵاتە، ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی زۆر نیگەران کردووە.
پرایس بە ئاماژە بەوەیکە دەرگای وتووێژەکان بۆ هەمیشە بە ڕووی ئێراندا کراوە نییە وتی: ئێمە تەنیا دەتوانین ئێران بانگهێشت بکەین بۆ وتووێژەکانی ڤییەن و هیچ بەڵینێک بە ئێران لەم پێوەندییەدا نادەین.