لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی جۆزەردان کۆنگرەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست بە بەشداریی چالاکانەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی پاناما بەڕێوە چوو و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سکرتێر و بەڕێوەبەریی نوێی ئەم ڕێکخراوە لە ڤییەنی پایتەختی وڵاتی ئۆتریش و لە بارەگای سکرتاریای ئەم ڕێکخراوە دەستیان بە تێکۆشانی فەرمی کرد.
“پێشەوا عەلیپوور” سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەم بۆنەوە پەیامێکی پیرۆزبایی و سپاسگوزاری بۆ سکرتاریەتی ئەم ڕێکخراوە نارد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەڕێزان لە بەڕێوەبەریی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست!
بەڕێز برۆنۆ گۆنزالێس سکرتێری گشتیی!
وێڕای پیرۆزبایی بەستن و سەرکەوتنی کۆنگرەی ئەمجارەی IUSY، وەکوو لاوانی کوردستان خۆشحاڵین کە کۆنگرە لە کەشێکی دێموکراتیک و بە گڕوتینێکی سوسیالیستی بەڕێوە چوو.
بێگومان پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی تایبەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئیران و هەروەها وەرگیرانی ڕێکخراوەکەمان وەک ئەندامی هەمیشەیی IUSY، مایەی دڵخۆشی سەرجەم لاوانی سوسیالیست و دێموکراتی کوردە.
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو شوێنەی کوردستانی لێهەڵکەوتووە و بەداخەوە لە نێوان ڕێژیمەکانی ئێران و تورکیا و سووریە و عێراقدا دابەشکراوە، مەیدانی وێککەوتنی بیرە ئایینییەکان و هەروەها مەکتەبە فکرییەکانە.
کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکە کە بەدوای ئاڵۆزکردنی دۆخەکەدا دەگەڕێ و دەرفەتی بەشداریی سیاسی و مەدەنی لە لاوان دەستێنێتەوە و ئایدیاکانی خۆی لەسەرووی هەموو ئایدیاکان دەبینێت. ڕێژیمی ئێران هەنووکە بۆتە مەترسییەکی زۆر جیددی لەسەر دێموکراسی و بەها و نۆڕمە نوێیەکان.
لە وەها دۆخێکدا ئێمە لاوانی کورد بێ هیوا نین و پێتان ڕادەگەیەنین کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانێکی ئەمینی هەموو لاوانی سوسیالیستە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی.
لە کۆتاییدا پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرانی نوێ و ڕێبەرانی نوێی لاوانی سوسیالیستی جیهان دەکەم بەتایبەت بەڕێز سکرتێری گشتی.
بە هیوای سەرکەوتن
پێشەوا عەلیپوور
سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
05/07/2021