وتەبێژی دەوڵەتی ئێران، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی هێرش بۆ سەر دامەزراوەی ناوکیی ئێران لە کەرەج وتی: ئەم هێرشە هیچ جۆرە خەسارێکی گیانی نەبووە.
عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەهەمبەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوەیەکی ناوکیی ئێران لە کەرج لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ وتی: ئەو هەواڵە پشتڕاست دەکەمەوە و لەو ڕێکەوتەدا هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە ناوکییەکەمان، بەڵام خەساری گیانی و ماڵیی زۆر کەم بووە و تەنیا سەربانی یەکێک لە بیناکان خەساری پێگەیشتووە کە خەریکی گۆڕینی سەربانەکەین.
بەپێچەوانەی لێدوانەکانی ڕەبیعی و بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکانی مانگە دەسکردەکان لەو هێرشەدا خەسارێکی گەورە وەبەر دامەزراوەی ناوکیی ئێران لە شاری کەرەج بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کەوتووە.
هاوکات لەهەمان ڕۆژدا ڕۆژنامەی “نیۆیۆرک تایمز” لە زاری بەرپرسانی ئێرانییەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بینای ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران لە دەورووبەری شاری کەرەج بوەتە ئامانجی هێرشی فرۆکەی بێفڕۆکەوان و خەسارێکی زۆر گەیشتوەتە ئەو دامەزراوەیە.