هێزەکانی دژە تێرۆری هەرێمی کوردستان هەواڵی هێرشی مووشەکیی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان پشتڕاستکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هێرشێکی مووشەکییدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج، هەواڵدەرییەکانی عێراقیش ڕایانگەیاندووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هێرشیان کردۆتە نێو حەوشەی فڕۆکەخانەکە و بنکەی هێزەکانی ئەمریکایان کردوەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە” ئۆمید خۆشناو” پارێزگاری هەولێر وتی: هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هێرشێکی تێرۆریستییە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هەرلەم پێوەندییەدا هەواڵی هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانانی پشتڕاست کردەوە و هیچ ئاماژەیەکی بە خەسارە ماڵیی و گیانییەکان تا ئێستا نەکردووە.