دوای دیاریکردنی سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێوان پێنج کەسی دیکە لەلایەن فەرماندەی تێژکەڵەوە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانیش بە گوێرەی تایبەتمەندیی خۆی هەر لەلایەن ئەم فەرماندە چرچەڵەیەوە هەڵبژێردرا. فەرماندەی هەموو هێزی چەکداری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرچی چەکداری چەمووشە لە عێراق و یەمەن و سووریە و لوبنان و چەند وردەشوێنی دیکەش لە دیوی لای خۆمان پێی دەڵێن ڕەهبەری موعەزەم.
لە خوارەوە چەند وردە ڕستەیەک بە دوای یەکتردا دەهێنم وهیوادارم وەک خەڵەفاوان نەچم.
ئەو زەمان ڕەفت عەلیە گۆج بە مەکر و فرت و فێڵی عەلیئەکبەری هاشمی لە مەجلیسی خوبرەگان، فشە بکەن و لەگەڵ خوبرە-گان ڕێگە بۆ میراتگری خومەینی خۆش بکەن.
ئەو زەمان ڕەفت عەلیە کۆسە بە عەلیە کۆڵ بڵێت تۆ بۆ ڕێبەر باشی و ئەویش بە فێڵ بڵێ من بۆ ڕێبەر نابم. عەلیە کۆسەش بڵێت با با بەدی، چۆن نابی؟ لە تۆ باشترمان دەست ناکەوێ.
ئەرێوەڵا ئەو زەمان ڕەفت عەلیە کۆسە کیسە بۆ سەرۆککۆمارییەتیی ئێران هەڵبدروێ و وای دابنێ عەلیە کۆڵ دەکاتە ڕێبەرێکی بێدەستەڵات و خۆی یاسای بنەڕەتیی ئێران هەموار بکاتەوە و سەرۆکوەزیران لە پێکهاتەی دەستەڵات لاببا و خۆی وەک سەرۆک کۆمار هەموو دەسەڵات بگرێتە دەست.
هێندەی گڵ لەسەر گۆڕی دایکی عەلیەکۆس و خۆیەتی، سەد ئەوەندە تەمەنی تۆی خوێنەر درێژ بێت. ئاخر دایکی عەلیە کۆسە کاتێک لە ڕەفسەنجان دەرودراوسێ دەیانگوت ئاغای ڕەفسەنجانی هیندە لە تاران چی دەکا؟ وێڕای تفکردنەوەی تۆێکڵەپستەیەکی بێخوێ، بە زمانە شیرینە فارسییەکەی خۆی دەیگوت” علی اکبر رفته تهران پادشاه بشه” (عەلی ئەکبەر چووەتە تاران ببێتە پاشا).
جا ئەو زەمان ڕەفت عەلیە کۆسە گوێی عەلیە کۆڵ بگرێ و لە جێگەی خومەینی دابنێت و خۆی بەلای سەرۆککۆماریدا بەرەو پاشایەتی هەڵکشێت.
بەڵی، ئەم دنیا حیزە هەتا سەر بەکەس نامێنێ. کەس نازانێ کێ دەیکا و کێی دیکە دەیخوا. بەڵام هەموو جارانیش وا نییە. ئەمجارەیان عەلیە کۆسە کردی و عەلیە کۆڵ خواردی.
ئەم عەلی ئەکبەرەی بەمن و بەتۆ ئاخری وای بەسەرهات دەگەڵ کاک مەحموود واتە خولەی ئەحمەدینژاد خرایە بەریەک و ئەویشی بەسەردا زاڵ کرا و ئاخری لەنێو حەوزێکدا لە کاتی مەلەکردن دایانە دەست نەمان و لەنێوچوونەوە.
ئێستا لە کاتێکدا خولە واتە ئەحمەدینژاد لەلایەن عەلیە کۆڵەوە ئیزنی پێنەدرا جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆککۆماری بپاڵێوێتەوە. بە دەم بگەمبگەم و هەڕەشە و گوڕەشەوە خەریکە خۆی بەدەردی عەلیه کۆسە دەبات و هەربینا ئەویش بەدەست فەرماندەی هەموو هێزی چەکداری ئێران و هەموو چەکداری چەمووشی ئێراق و سووریە و لوبنان و یەمەنەوە شرت و گوم بکرێ.
عەلیە کۆڵ دوای ئەوەی پشتی عەلیئەکبەرە لووسەی لە نێو حەوزی مەلەکردن لە زەوی دا و دوای ئەوەی ئەم هەموو حەول و دەوڵەی بۆ خولە دا و کردی بە سەرۆککۆمار و ئێستا ئەویش لێی ئاڵەدین بووەتەوە و دەڵێ ئەم هەڵبژاردنەی ئەم دواییە هەر هیچ نەبوو، ئەمجار خۆی دەزانێت چی دەکات.
عەلیە کۆڵ بۆئەوەی دەست وپێوەندی خۆی تەماحی تێ نەکەن و بە تەمای خوراندنی کەنداڵی بن پێی نەبن، سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەستەڵاتی دادوەریی وامان بۆ دادەنێ، هەر مەپرسە.
بلەی ڕەییسی دەکاتە سەرۆککۆمار. جا سەرۆک کۆمار لەوە باشتر لە یەکەم لێدوانیدا بڵێت، چاک چاکم کرد دەستم لە کوشتنی بەکۆمەڵی چوارپێنج هەزار کەسدا هەبوو و دەبێ بە هۆی ئەم کارەمەوە دەستخۆشیشم لێ بکرێ.
سەرۆک دەستەڵاتی دادوەرییەکیشی بۆ داناوین، دادوەری و قەزاوەت شەرع و نێوبژیوانی هەر لەخۆی جوانە. موحسنی ئێژەیی دەڵێم. کاکە موحسن تەنانەت حیسابێک بۆ “زکچوون خوازان”ی خۆشیان ناکات. “زکچوونخواز” ناوێکی نوێیە دارسمە بۆ ” ئیسحاڵتەڵەب” واتە “اصلاحطلب”انی داناوە.
محسن ئێژەیی کاتێک چەند ساڵ لەمەوبەر دوو قەندانی بە عیسا سەحەرخیزی سەر بە لایەنی زکچوونخوازان دادا، و بە ددانی تیژی لاشانی گەست، هەر ئەودەم دیار بوو ددانی زۆر تیژن، بۆیە دواتریش کاتێک لە کۆڕێکی خوێندکارانی زانکۆ خوێندکارێک وەک دژایەتیکردنی لێدوانی فیکەی بۆ لێدا، موحسن گوتی ڕۆڵە تۆ دوو یا سێ ئەنگوست دەخەیە نێو دەمت و فیکەیان پێ لێ دەدەی. وا مەکە دەمت گەورە دەبێ، سەیری من کە چۆن بێ ئەوەی ئەنگوست بخەمە دەممەوە وەک بولبول فیکە لێ دەدەم؟
وادیارە گازگرتن و فیکەلێدانی بێ ئەنگوستیش وەک کوشتنی بەکۆمەڵی چەند هەزارکەسی بایەخی خۆی هەیە و ئەویش سەرکەوتنی بەدواوەیە. بە هیوای “سەر-کەوتن”ی هەموویان. ببوورن، “دا”ی پیش ” کەوتن”ـهکەم لە قەڵەم کەوت.