حاجی سمایل گادانی، کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، حاجی سمایل گادانی، کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و کوردپەروەری شاری مەهاباد بەهۆی نەخۆشیەوە لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی سمایل وێڕای باقی شۆرشگێڕانی بنەماڵەی گادانی وەکوو نەمران کاک” جەلیل گادانی وکاک خەلیل گادانی و کاک محەممەد گادانی ” چ لە سەردمی شا و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، بۆ وەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی گەلی کورد تێکۆشا و بە کردەوە دژی دەسەڵاتی پاوانخوازی ئەم دوو ڕێژیمە خەباتی كرد. بەم هۆیەش هەموو كات لەژێر چاوەدێری دامودەزگای ئەو دوو ڕێژیمەدا بووە. هاوکات بەهۆی تێکۆشانی ئاشکرا و بەرچاوی براکانی و کوڕە گەورەکەی ، نەمران کاک خەلیل ، کاک جەلیل و کاک محەممەد و هەروەها کاك سەلاحی گادانی کوڕی، لە سیما ناسراوەکانی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەردەوام لەژێر ئازار و چاوەدێری و لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووە.
حاجی سمایل لە درێژەی هاوکاری حیزبی دێموکرات و خەباتی بەردەوامی لەپێناو گەلەکەی، لە تەمەنی٥٧ ساڵیدا لە رۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٦١ی هەتاوی دەسبەسەر کرا، سەرەتا حوکمی ئێعدامی بۆ دەرچوو، بەڵام دواتر بۆ زیندانی ئەبد و لە کۆتاییدا بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکوم کرا، پاشان بەهۆی تەمەنی زۆری لەسەریەک بۆ ماوەی پێنج ساڵ و نیو لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیندانی بوو.
حاجی سمایل دوای ئازادبوونی لە زیندان ، لە سەرەتادا هەموو ڕۆژێک ، دواتر هەموو حەوتوو و مانگێک دەبوو خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات بناسینێ و لەژێر چاوەدێری رێژیم دابوو و بۆ ماوەیەکی زۆر ئیزنی چوونە دەرەوەی وڵاتی نەبوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی حاجی” سمایل گادانی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەوەرەی گادانی و خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.