ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە سەر کتێبی “دژوارییەکانی ڕێگای خەبات( دشواریهای راە مبارزە)، لە نووسینی برایم چووکەڵی، فەرماندەیەکی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات و ڕۆژە سەختەکانی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی، بەڕێوە چوو.
ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە سەر کتێبی دژوارییەکانی ڕێگای خەبات (دشواریهای راە مبارزە)، لە نووسینی فەرماندەی حیزبی دێموکراتی کوردستان “برایم چووکەڵی” بە زمانی کوردی و لە وەرگێڕانی پێشمەرگەی لاو (هەردی سەلیمی) بۆ سەر زمانی فارسی، لە فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
کتێبەکە باس لە بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەی حیزب برایم چووکەڵی و ١٥ ساڵ خەباتی قارەمانانە و گیانبازیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە سەختترین ساڵەکانی خەباتی حیزب لە کوردستان دەکا.
لەوڕێوڕەسمەدا عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی چڕوپڕی لە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکە و ڕۆڵی نووسەر لە ساڵەکانی خەباتی چەکدرایدا کرد و نووسینی بیرەوەری و رووداوەکانی ئەو ساڵانەی بۆ مێژوو کورد و حیزبی دێـوکرات و جیلی داهاتوو بەرز نرخاند.
پاشان”هەردی سەلیمی” باسێکی لە سەر کتێبەکە کرد و وەرگێڕانی کتیبەکەی بۆ سەر زمانی فارسی بە گرینگ زانی و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کەدەبێ نەتەوەکانی دیکەش لە ئێراندا بزانن کە گەلی کورد چۆن و بە چ شێوازێک بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە و ڕۆڵەکانی کورد لەو سەردەمەدا چ قارەمانەتی و گیانبازییەکیان کردووە.
لە بەشی کۆتاییدا “برایم چووکەڵی” وەکوو نووسەری کتێبەکە دەسخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە لە ئامادەکردن و نووسینی ئەو کتێبەدا هاوکارییان کردووە.
شایانی باسە کە چووکەڵی چەندین کتێبی بەنرخی لە مێژووی خەبات و بیرەوەری و تێکۆشان و کۆڵنەدان و هەروەها ژیاننامەی بەشێک لە شەهیدانی حیزبی دێموکرات نووسیوە و بە کتێبخانەی کوردیی پێشکەشی کردووە.